دیڕۆک و مێژووی نەورۆز، گەلێ کۆنە و وەک هۆڵێکی تاریک و تەڵەم وایە و ناڕوونە و ئەوەی کە لەبارەشی نووسراوە و وتراوە، هەرهەمووی لێڵ و ئەنگووستەچاوە و زۆرتر بیرۆکەیە هەتا شتێکی بەڵگەدار. لەبەر ئەوەی کە گەلانێکی زۆر خۆ بەخاوەنی نەورۆز دەزانن و ئەفسانە و هەڵبەست و خۆپێوە هەڵکێشانی زۆر بەقەبارەیەوە دیارە.

باسکردن و نووسینی ئێحساسی و لەخۆوە، سووکایەتی و نابەرپرسیاریەتی دێنێ و لەبەرچاوی خەڵک سووک و چرووک دەبێ.

بەڵام نازانم بۆ هەموو هەرباسی مێژووی داب و نەریتەکانی دەکەن و ناپڕژێنە سەر بابەتی دەروونی و کۆمەڵایەتی و هزر و بیری نەورۆز؟ بۆ کەس بەنەشتەری فکر و بیر، بابەتەکە بنکۆڵ ناکا و هەڵی‌ناوەشێنێ و شکۆ و سەروەری گەلەکەی لێ دەرناکێشێ؟

ئەوەی کە کاوەی ئاسینگەر هەبووە یان ئەفسانەیە و دەسکردە، پاشایەک بەنێوی زووحاک هەبووە یان پیلانی کەسێک بووە؟ کێ هەوەڵ مەشغەڵی نەورۆزی لێدا، یان چەند ڕۆژهەڵاتناس تەشریفیان باسی نەورۆز و داب و نەریتیان کردووە؟ کامە پاشایە گرینگی پێ داوە، یان کامە ئایینە باسی لێوە کردووە و یان بەرپرچیان داوەتەوە، هەروەها کێ هۆنراوە و پەخشانی بە شان و شکۆی هەڵگوتووە، هەرهەموویان وەک ڕواڵەت و توێکڵی بابەتی نەورۆزن. هێندە وتراونەوە وەک بنێشته‌خۆشکەیان لێهاتووە و تام و بۆن و بەرامی لێبڕاوە.

ئێمەی کورد، بۆخۆشمان نەمانزانیوە کە بە پیلانی نەیاران کەوتووینە داو و تەڵە و بەلاڕێدا بردراوین و بۆ ڕاوە جشکیان بردووین و هەتا بەیانی دەهۆڵیان پێکوتاوین و بەداخەوە هەستمان بەخۆ نەکردووە. سەرقاڵی بابەتی پڕ لەکێشە و لێڵ کراوین و لە ئامانجه بنەمادارەکەی نەورۆز دوور خراوینەوە.

پێهەڵاگوتن و هەڵپەڕکە و گۆرانی و سروود، بەشێکی زۆر زۆر ئاسایی نەورۆزانەیە. دەتوانم بڵێم وەک گەمە و کایە و پووش و پەڵاشی لێهاتووە کە ناوەڕۆک و کاکڵی ڕەسەنی نەورۆزی پێداپۆشراوە. بەڵێ کە دەربڕینی خۆشی پێویسته، بەڵام نەک ببێتە هۆی لەبیرچوونە و ونبوونی بنەمای فەلسەفەی نەورۆز! ئەوە ناخی پیلانەکەیە کە ڕواڵەت، زۆر زەق و بەرچاوکراوە و ئامانج و فەلسەفە و کاکڵ لەبیر کراوە.

پیاوماقووڵانی کورد، بە ورووژاندنی نەورۆز و سەری ساڵی هەتاوی، ویستوویانە ئاڵای ڕۆحێکی نوێ لەناو کۆمەڵگە سەما بکا. سرووشت بۆ ئەوان هێمای بەرخۆدان و ڕاسانێکی دووبارە بووه. زستان و بەستەڵەک، ڕێ‌پێشاندەری گەنج و هەرزەکاری کورده. زمانی کوردی، لێوڕێژ لە هێما و پەند و ئەزموون و تابڵۆی ژیانه. 

بەساڵاچوانی گەلەکەمان بەزمانی ئاماژە و هێما و دەست ڕاداشتن، ڕێگای ژیانیان کێشاوەتەوە و هاواریان کردووە کە ئای کیژ و لاوی کورد: "تەمەنی بەستەڵەک کەم‌بەرە، بەرگەی هەتاو ناگرێ. ئەوەی بەگوڕەگوڕە، زوو دەبەزێ. هەرچی لەسەرسەبرانە لەسەرخێرانە. شەیتان پەلەی کرد و ملی شکا."

نەورۆز، وەک ئێمە، زمانی نییە کە بدوێ. بەڵام تاکی وشیار، چاوی بیر و ئەزموون و عەقڵیشی کار دەکا. 

مرۆڤی زانا بۆ هەرلایەک بڕوانێ، ژیان، جووڵە، هەڵسووڕوداسووڕ، ڕاسان‌ونەوەستان، ڕاپەڕین و بزۆزی و مانەوە دەبینێ.

سرووشت پڕە لەتوانەوە و قجوولە و سەوزایی و زیندووبوونەوە و شینایی و ڕەنگاوڕەنگی و دەنگ و مۆسیقای پەلەوەر و جۆگە و کانی و خوڕەی ئاوهەڵدێر و چاوترووکانی ئەستێرە و شۆق و لێو بەخەندەیی خۆر و مانگ. 

ئەی ئەگەر ئەوە بۆ ژیان تابڵۆ و هەستیاری و هۆی لەخەوڕاپەڕین نەبێ چییە؟ 

ژیانێکی کەم و پوخت وەک بەهار و نەورۆز گەلێک پەسەندتر و شیاوترە لە بەستەڵەک و سەهۆڵ و داگیرکاری.

کاک سوارە، بیرمەندی کورد، ئەو ڕازە دەدرکێنێ کە دەبێ ڕۆڵەی کورد چۆن بێ:

"لای هەڵۆی بەرزە فڕی بەرزە مژی

چۆن بژی شەرته نەوەک چەندە بژی"

کوردی ڕەسەن دەبێ فێر بێ کە چۆن دژی نەهامەتی و تەنگ و چەڵەمە بۆەستێتەوە. هەڵم و تارمایی ژیانی بڕەوێنێ، خۆی نەدۆڕێنێ. ژیان هەر ئەوڕۆ نییە داهاتووشی بەدوو دایە.

ئەو زستانە و هەزارانی دیکەش دێن و دەڕۆن و ڕووڕەشی نەبێ پێی نامێنێ.

هیوا و متمانەبەخۆبوون، بەهێزترین هەوێن و چەکی ژیانە. نەورۆز، ئەوەمان پێ دەڵێ کە هەتا سەهۆڵ و بەستەڵه‌کی ژیانت نەتەقێنی، چاوت بە بەهار و و هەتاو و سەوزایی و سەما و ئارامی ناکەوێ.

 

جەهانگیربابایی ، سەردەشت، نەورۆزی 402 هەتاوی